مادەی تاریک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-03-24-21:51:00 - کۆدی بابەت: 12299
مادەی تاریک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مادەی تاریک (بە عەرەبی: المادة المظلمة، بە ئینگلیزی: Dark matter). گەردوونی بینراو -بە زەوی، خۆر و ئەستێرەکانی تر و گەلەئەستێرەکانەوە- لە پڕۆتۆن، نیوترۆن و ئەلیکترۆن پێک هاتوون کە گەردیلەیان پێک هێناوە. لەوانەیە یەکێک لە هەژەندانەترین دۆزینەوەکانی سەتەی ٢٠ ئەوە بوو بێت کە مادەی ئاسایی یان باریۆنی، کەمتر لە ٥٪ی بارستاییی گەردوون پێک دەهێنێت.

مادەی ئاسایی

مادەی ئاسایی هەموو ئەو شتانە پێک دەهێنێت کە دەتوانین ڕاستەوخۆ تێبینی بکەین. دەتوانین لەناو ڕووناکیی بینراودا بە چاوەکانی خۆمان بیبینین؛ یاخوود، لە ڕێگەی تەلیسکۆبێکەوە کە ئەو ڕووناکییانە دیاری بکات کە بە چاوی ئاسایی نابینرێن (وەکوو تیشکی ژێرسوور و سەرووبنەوشەیی). بەشی زۆری مادەی ئاسایی لە تەنۆلکە گەردیلەیییەکان پێک هاتووە: پڕۆتۆنەکان، نیوترۆنەکان و ئەلیکترۆنەکان. دەکرێت لەسەر شێوەی گاز، ڕەق، شلە، یاخوود پلازمای تەنۆلکەی بارگاوی بێت. لە کاتێکدا مادەی ئاسایی لە ژیانی ڕۆژانەماندا لە چواردەورماندایە. بەڵام تەنها کەمتر لە ٥٪ی تەواوی بارستاییی گەردوون پێک دەهێنێت.

مادەی تاریک

وەکوو مادەی ئاسایی، مادەی تاریک بۆشایی داگیر دەکات و بارستایی هەیە؛ بەڵام بە پێچەوانەی مادەی ئاسایییەوە، مادەی تاریک کارلێک لەگەڵ هێزە کارۆموگناتیسییەکاندا ناکات. ئەمەش واتا ڕووناکی هەڵنامژێت، نایداتەوە و دەریشی نادات؛ بەمەش دەست نیشان کردنی زۆر زەحمەت دەبێت. لە ڕاستیدا، توێژەرەوان تەنها لە ڕێگەی ئەو کاریگەرییە کێشکردنەی کە هەیبووە لەسەر مادەی بینراو، توانیویانە بوونی مادەی تاریک دەربخەن. مادەی تاریک بە ڕێژەی ١:٦ زیادترن لە مادەی بینراو، نزیکەی ٢٧٪ی گەردوون پێک دەهێنن. لە کاتێکدا زانایان ئەم ڕاستییەیان بۆ دەرکەوتووە، بەڵام دڵنیا نین لەوەی خوودی مادەی تاریک خۆی چییە. بیردۆزەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە کۆمەڵە تەنۆلکەیەکی نەناسراو بن کە بە دەگمەن کارلێک لەگەڵ مادەی ئاساییدا دەکەن.

ئەستێرەناسان هەتا سەتەی ٢٠ ئاگاداری هەبوونی مادەی تاریک نەبوون. لە ساڵانی ١٩٣٠یەکاندا؛ "فریتز زویکی"ی ئەستێرەناسی سویسری زاراوەی مادەی تاریکی بە کار هێنا لە کاتی لێکۆڵینەوەی لە هێشووە گەلەئەستێرەی "کۆما"، کە پتر لە ١٠٠٠ گەلەئەستێرەی تێدایە. ئەو خێرایییەی کە گەلەئەستێرەکان لەناو هێشووە گەلەئەستێرەیەکدا پێی دەجووڵێن بەندە لەسەر بارستاییی و قەبارەی تەواوی هێشووەکە. "زویکی" تێبینی ئەوەی کرد کە گەلەئەستێرەکان لەناو هێشووی "کۆما"دا خێراتر لەوە دەجووڵان کە بتوانرێت بەو بڕە مادە بینراوەی ئەستێرەناسەکان لەو هێشووەدا دەیبینن، ڕوون بکرێتەوە.

لە کۆتایی ساڵانی ١٩٧٠ـاکاندا، ئەستێرەناسی ئەمریکی "ڤێرا ڕوبن" هەبوونی مادەی تاریکی دووپات کردەوە بە لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی سوڕانەوەی گەلەئەستێرە تەنیاکان. ئەو خانمە ئەستێرەناسە و هاوکارەکانی ئەوەیان دۆزییەوە کە گەلەئەستێرە تەنیاکان دەکرێت بارستاییی نەبینراویان تێدا بێت کە لە مادەی تاریک پێک هاتبن.

لە ڕۆژانی ئەمڕۆدا، زاناکان وەکوو پێکهاتەیەکی شێوە تۆڕیی گەورە لە مادەی تاریک دەڕوانن کە بە تەواوی گەردووندا بڵاو بووەتەوە. ئەوەیان دیاری کردووە کە مادەی تاریک لە پێکهاتە و تەنۆلکەی زانراو پێک نەهاتووە چونکە ئەوکات گەردوون زۆر جیاواز دەبوو.

ئاشکراکردنی نەزانراو

هەتا ئێستا زانایان نەیان توانیوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ تێبینی هەبوونی مادەی تاریک بکەن. مادەی تاریک کارلێک لەگەڵ مادەی باریۆنی ناکات و بە تەواوەتی نادیارە بۆ تیشکی ڕووناکی و شێوەکانی تری تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسی؛ ئەمەش وا دەکات بەو ئامێرە بەردەستانەی ئێستا هەن، دۆزینەوەی مادەی تاریک کارێکی ئەستەم بێت. بەڵام زانایان دڵنیان لەوەی بوونی هەیە بە هۆی ئەو کاریگەرییە کێشکردنەی کە وا دەردەکەوێت لەسەر گەلەئەستێرە و هێشووە گەلەئەستێرەکان هەیبێت.

بۆ نموونە، بە پێی فیزیای ستاندارد، ئەستێرەکان لە لێواری گەلەئەستێرەی لولپێچیی خولاوەدا دەبێت خێرایییەکەیان کەمتر بێت بە بەراورد بەوانەی نزیکن لە ناوەڕاستی گەلەئەستێرەکەوە؛ کە تێیدا مادە بینراوەکانی گەلەئەستێرەکە چڕ بوونەتەوە. بەڵام تێبینی کراوە کە ئەستێرەکان بە هەمان خێرایی، پتر یان کەمتر دەجووڵێن بەبێ گوێدانە ئەوەی لە چی شوێنێک دان لەناو گەلەئەستێرەکەدا. ئەم ئەنجامە نهێنی ئامێزە تەنها لەو کاتەدا واتای دەبێت کە وا دابنرێت ئەستێرەکانی لێواری گەلەئەستێرەکە کاریگەریی کێشکردنی بارستایییەکی نەبینراویان لەسەرە (مادەی تاریک).

مادەی تاریک دەتوانێت هەندێک لە وەهمە بینایییەکان ڕوون بکاتەوە کە ئەستێرەناسان لە گەردوونی قووڵدا دەیبینن. بۆ نموونە، ئەو وێنانەی گەلەئەستێرەکان کە ئەڵقەی نامۆ و کەوانەی ڕووناکییان تێدایە دەکرێت وا ڕوون بکرێتەوە کە ڕووناکی لە گەلەئەستێرە دوورترەکانەوە لە لایەن هەوری گەورە و نەبینراوی مادەی تاریکەوە گەورە دەکرێت و دەشێوێنرێت.

زاناکان چەند بیرۆکە و بیردۆزێکیان هەیە لە بارەی مادەی تاریکەوە. یەکێک لە گریمانە سەرەکییەکان ئەوەیە کە مادەی تاریک لە تەنۆلکەی دەرەکی (نەناسراو) پێکهاتووە کە لەگەڵ مادەی ئاسایی و ڕووناکیدا کارلێک ناکات بەڵام هێشتاش دەتوانن هێزی ڕاکێشانی کێشکردن بە کار بهێنن. چەندین کۆمەڵەی زانستی، وەکوو کۆمەڵەیەک لە Large hadron colliderـەکەی سێرن، کار لەسەر ئەوە دەکەن کە تەنۆلکەی مادەی تاریک بەرهەم بهێنن لە تاقیگەدا بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.

هەندێک لە بیردۆزەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تەنۆلکەکانی مادەی تاریک بایی ئەوەندە کەمە کە بتوانرێت لە LHC دروست بکرێت. ئەگەر لە LHC دروست کران، دەتوانرێت بەبێ ئەوەی تێبینی بکرێن لە دۆزەرەوەکانەوە، دەربچن. سەرەڕای ئەوەش وزە و تەوژمیان هەیە؛ بۆیە فیزیازانەکان دەتوانن لە دوای بەرکەوتن، بە پێی ئەو وزە و تەوژمەی کە دیار نەماوە، دەری بخەن کە مادە تاریکەکان بوونیان هەیە.

لێکۆڵینەوەی پتر لەم بارەیەوە یارمەتی زانایان دەدات تێگەیشتنێکی باشتریان بۆ پێکهاتەی گەردوون هەبێت. لێکۆڵینەوەکان لەبارەی مادەی تاریکەوە بەردەوامن.


سەرچاوەکان



782 بینین